هێڵی ئینتەرنێتی عێراق بە مانگی دەستکرد دەبەسترێتەوە

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە ئینتەرنێتی عێراق لەرێگەی مانگی دەستکرد دابینب کرێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رەزامەندی نیشان دا بۆ گرێبەست لەگەڵ سێ کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەو بوارە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق گەیشتونەتە رێکاری گرێبەست لەگەڵ هەریەکە لە کۆمپانیای (One Web)(Space X) (Amazon) بۆ دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە.

هێڵی دابینکردنی ئینتەرنێت لە عێراق، لە رێگەی هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و کوێت بە شێوەی کێبڵ دابین دەکرێت، بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەیوەندییەکان بێت، بەم هەنگاوە عێراق دەبێتە خاوەنی هێڵی نێودەوڵەتی ئینتەرنێت بە کوالێتی بەرز.

لە ماڵپەڕی وەزارەتەکە وەک بەیاننامەی گرینگ ئەو هەواڵە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا رەزامەندی وەزارەتەکەی بۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان ئاماژەی بۆ کراوە.

بە پێی راگەینراوەکەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری دابەزاندنی نرخ و هەمەچەشنکردنی دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت لە عێراق.