ئه‌مڕۆ دوو سه‌ركێشه‌كه‌ی ئاسیا یارییان هه‌یه‌

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی قۆناغی ١٦ی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، ئه‌مڕۆ دوو تیپی دیكه‌ ده‌گه‌نه‌ قۆناغی هه‌شت، سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر به‌ڕازیل و دوو تیپه‌ سه‌ركێشه‌كه‌ی ئاسیایه‌.

یارییه‌كانی قۆناغی ١٦ی مۆندیال درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ دوو یاریی دیكه‌ دێنه‌ ئه‌نجامدان.
له‌ یاریی یه‌كه‌مدا هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا ده‌بێته‌وه‌ لە کاتژمێر ١٨:٠٠ له‌ یاریگه‌ی جنووب.

ژاپۆن له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كاندا سه‌ركێشه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی كرد، دوای له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌مدا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا تۆمار كرد و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وت.

ژاپۆن پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌ ئاستی هونه‌رییدا به‌ده‌ستهێناوه‌ و زه‌نگی مه‌ترسی بۆ ركابه‌ره‌كانی لێداوه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا، كه‌ مۆندیالی رابردوو پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مڕۆ له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی سوپرایزه‌كانی ژاپۆندایه‌ و ئه‌ركی ئاسان نییه‌.

كرواتیا پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌می به‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی مه‌غریب به‌ڕه‌ی له‌ژێر تیپه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌رهێنا و پله‌ی یه‌كه‌می گرت.

له‌ یاریی دووه‌می ئه‌مڕۆدا، كاتژمێر ١٠:٠٠ی شه‌و به‌ كاتی كوردستان، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل رووبه‌رووی هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشوور ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش له‌ یاریگه‌ی 974 ده‌كرێت.

به‌ڕازیل، كه‌ زۆرترین نازناوی مۆندیالی له‌ مێژوودا بردووه‌ته‌وه،‌ “پێنج نازناو”، له‌ مۆندیالی ئه‌مجاره‌شدا به‌ربژێری سه‌ره‌كیی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌یه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نه‌یمار جۆنیۆری ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیل بگه‌ڕێته‌وه‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی

بۆ یاریی ئه‌مڕۆ، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نه‌یمار جۆنیۆری ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیل بگه‌ڕێته‌وه‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوو یاریی رابردوو به‌ هۆی پێكانه‌وه‌ به‌شداریی نه‌كرد.

نه‌یمار دوێنێ مه‌شقی كردووه‌، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ به‌شداریی یارییه‌كه‌ بكات.

هاوكات هه‌ڵبژارده‌ی سامبا له‌ یاریی رابردوو هه‌ردوو یاریزان ئه‌لێكس تیلێس و گابرێل خیسۆسی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ ده‌ست دا.

تیاگۆ سێلڤا كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل ده‌ڵێت، “به‌رده‌وامبوونمان له‌ مۆندیال به‌ رێژه‌ی ١٠٠٪ مسۆگه‌ر نییه‌، یارییه‌كه‌شمان به‌رامبه‌ر كۆریای باشوور زه‌حمه‌ته‌”.

پاولۆ پینتۆی پۆرتوگالی، راهێنه‌ری كۆریای باشووره‌ و رایگه‌یاندووە، پشووه‌كه‌یان به‌ پێی پێویست نه‌بووه‌.

وتیشی، “هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیلمان هه‌ڵسه‌نگاندووه‌ و به‌ ستراتیژیه‌تێكی نوێ رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌”.

ئینگلته‌را و فه‌ڕه‌نسا گه‌یشتنه‌ قۆناغی هه‌شت
هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را و فه‌ڕه‌نسا خۆیان گه‌یانده‌ قۆناغی هه‌شتی مۆندیال، له‌وێشدا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

ئینگلته‌را له‌ قۆناغی شازده‌ به‌ شازده‌ به‌ ٣-٠ گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌نیگالی برده‌وه‌.

هه‌روه‌ها فه‌ڕه‌نسا به‌ ٣-١ گۆڵ له‌ پۆڵه‌ندای برده‌وه‌، هه‌روه‌ها كیلیان ئێمباپێی هێرشبه‌ری فه‌ڕه‌نسا ئێستا به‌ تۆماركردنی ٥ گۆڵ، گۆڵكاری مۆندیال.