لە کەلار کولێرەکەی مەسعود کەڵهوری و خێزانەکەی ناوبانگی پەیدا کردووە

964+

میلاد جەلال – کەلار

+ڤیدیۆ

خێزانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری کرماشانەوە هاتوونەتە کەلار و لەوێ ماوەی نزیکەی پێنج مانگە دوکانێکیان کردووەتەوە و پێکەوە چەند جۆرێک کولێرەی جیاواز و کولیچە دروست دەکەن.

کولێرە و کولیچە بەتامەکەی مەسعود کەڵهوری و خێزانەکەی بەو پێنج مانگە ناوبانگێکی باشیان لە کەلار پەیدا کردووە، هەر کەس لە بەردەم مزگەوتی گەورەی کەلارەوە رۆیشتبێت بۆ جارێکیش بێت لەو کولێرە و کولیچەیەی کڕیوە.

خانەوادەکەی مەسعود کەڵهوری لە چوار کەس پێکهاتوون، خۆی و خێزانەکەی کە بەتایبەت کولێرەی جۆری “نان روغنی” دروست دەکەن و دوو کچەکەشی کولیچە دروست دەکەن.

نان روغنی جۆرێکە لە کولێرە کە بە زۆری لە ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێت، لە پێکهاتەکەیدا ئاردی گەنم و جۆ، هەنگوین و هەندێک بەهاراتی تایبەت و هەندێک جاریش زەردەچەوە بەکاردەهێنرێت.

نان روغنی جۆرێکی هەیە وەک پسکیت پارچە پارچە دەکرێت و لە رۆندا سوور دەکرێتەوە، بەشێک لە جۆرەکانی دیکەشی لەنێو فڕنی غاز سووردەکرێنەوە ئینجا ئامادە دەبن بۆ خواردن.

مەسعود لەگەڵ خێزانەکەی و دوو کچەکەی رۆژانە کاتژمێر ٨ی بەیانی دێنە دوکان و دەست بە ئامادەکارییەکانی دروستکردنی نان و کولیچە دەکەن.

فاتیمە، خێزانی مەسعود بە 964+ی وت، “خەڵکی ئێرە زۆر باشن لەگەڵمان و کولێرەکەیان پێخۆشە، ھەموومان پێکەوە یارمەتی یەک دەدەین تاوەکو ئێوارە ئەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.”

کەژاڵ لەگەڵ خوشکەکەی کە لەخۆی منداڵترە، جیاواز لە دایک و باوکیان کولیچەیەکی تایبەت دروستەکەن ھەر لەو دوکانە دەیفرۆشن، ئەو دەڵێت خەڵکی کولیچە و نانەکەیان زۆر پێخۆشە و بەتایبەت بەیانیان دێن ئەیکڕن بۆ نانی بەیانی و بە چایەوە دەیخۆن.