گۆڕینی شیرازەی گۆڕستانەكەی ژینا
لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردەوە
964+
هێرۆ مەولودی
وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە تێکدانی شیرازەی ئەو گۆڕستانەی گڵکۆی ژینا ئەمینی تێدایە، هەروەها گرتنی کەسوکاری ئەوانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی وڵاتی ئێران گیانیان لەدەستدا و گرانی کەلوپەل لە بازاڕدا، ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن ئەنجامدرا.
مانگرتنەکە لە بازاڕی شاری سەقزەوە دەستیپێکرد و خاوەن دوکانەکانیش داوا لە خەڵکی شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن بە هەمان شێوە ناڕەزایەتی دەرببڕن
خەڵکی سەقز، دوای هەوڵەکانی حکومەت بۆ گۆڕینی شیرازەی گۆڕستانی ئایچی کە گۆڕی ژینا ئەمینی هێمای ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تێدایە راگەیەندراوێکیان لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوکردەوە و داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی مانگرتنەکەی خەڵکی سەقز دەگەڕێتەوە بۆ دەست بەسەرکردنی کەسوکاری ئەوانەی بەهۆی بەشدارییان لە خۆپیشاندەکانی ئەمدواییە، پاش دەستگیرکردنیان گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لە گرانبوونی کەلوپەلی خۆراکیش کراوە.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، لە 16ـی ئەیلولی 2022 بە گوتەی بنەماڵەکەی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە 13ـی هەمان مانگدا لەناو بازاڕێکی ئێران لەلایەن پۆلیسی رەوشت هێرشی کرایەسەر کە لەگەڵ برایەکەی بۆ سەردانی خزم و کەسوکار لە سەقزەوە چووبوون بۆ تاران.