“تەنیا 50 سەگی رەسەنی پشدەر ماونەتەوە”

964+
مەجید بتوێنی – پشدەر

چوومەتە قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، سەردەمانێک بە زۆری سەگی رەسەنی پشدەر بەناوبانگ بوو.

بە قسەی ئەو کەسانەی هەوڵی پاراستن و مانەوەی توخم و گوجیلەی سەگی پشدەر دەدەن، تەنیا 50 سەگی رەسەنی پشدەر لەم ناوچەیە ماونەتەوە.

عەلی قادر یەکێکە لەو کەسانەی باووباپیرانیشی هەر لە خەمی پاراستنی سەگی رەسەنی پشدەریدا بوون، دوو دێڵە سەگی رەسەنی پشدەری راگرتوون تا بترەکێن و گوجیلەکان نەفەوتێن.

عەلی دەشڵێت، چۆڵبوونی گوندەکان و کەمبوونەوەی ئاژەڵداری و کڕین و فرۆشتن بە سەگەکان و بردنیان بۆ ئێران و تورکیا و روسیا و ئەفغانستان لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی سەگی رەسەنی پشدەرن.

فرۆشتنی سەگ بە نرخی گران و بەشەڕدانیان وایکردووە لای هەندێک کەس راگرتنیان ببێتە عەیبە و دەستبەرداری سەگەکانیان ببن.

لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان، وێنای سەگ کراوەتە دڕندەیەکی ترسناک، جارێک دەسووتێندرێن و جارێکیش شێڵتەریان بۆ دەکرێتەوە.

بەڵام سەگی پشدەر لەبەر دەگمەنی و تایبەتمەندی سەرێکی گەورە و سنگی پان و ناوقەد باریک و قاچێکی بەهێزی گورگ خنکێنەر و گەورەیی هەیکەلی وەکو شێر و وەفا و دڕی و چاونەترسییەکەی وایکردووە هێشتا کەسانێک هەبن سەروەت و ماڵیان لەپێناو هێشتنەوەیان ببەخشن.