دەیەوێت جێگا بە تویتەر لێژ بکات

مێتا رکابەرێک بۆ تویتەر دروست دەکات

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووکە کار لەسەر دروستکردنی پلاتفۆرمێکی تایبەت بە تێکستی کورت دەکات بۆ ئەوەی جێگا بە تویتەر لێژ بکات.

پلاتفۆرمە نوێیەکە پەیوەست دەبێت لەگەڵ پلاتفۆرمەکانی تری کۆمپانیای مێتا، بەکارهێنەر دەتوانێت بە ئاسانی هاوڕێکانی بگوازێتەوە بۆی.

لە ئێستادا کۆمپانیای مێتا ناوی پلاتفۆرمە نوێیەکە بە P-92 دەهێنێت بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کاتی بڵاوبوونەوەی ناوێکی ئاسانتری بۆ دابندرێت.

کریس کۆکس، بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی مێتا دەڵێت، لە پرۆسەی نوسینی کۆدەکانی پلاتفۆرمەکەین.

چاوەڕوان دەکرێت p-92 رکابەرێکی بەهێزتری تویتەر بێت لە هەردوو پلاتفۆرمی BlueSky و Mastodon کە تا ئێستا نەیانتوانیوە جیاوازی گەورە دروست بکەن.

هەردوو پلاتفۆرمی فەیسبووک و ئینستاگرام کە مێتا خاوەنداریەتییان دەکات زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەریان هەیە گەر %25ی بەکارهێنەرانی ئەو دوو پلاتفۆرمە ببنە بەکارهێنەری p-92 ئەوا بە فەرمی دەبێتە بەهێزترین رکابەری تویتەر.

لە p-92 سوود لە هەموو پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا وەردەگرین 

مێتا پێشتریش سوودی لە رکابەرەکانی بینیوە، ستۆری فەیسبووک و ریلی ئینستاگرام هاوشێوەی تایبەتمەندییەکانی سناپچات و تیکتۆک بوون.

تا ئێستا مێتا هیچ ئاماژەیەکی بە کاتی بڵاوکردنەوەی پلاتفۆرمەکە نەداوە.

کۆمپانیای مێتا کە پێشتر ناوی فەیسبووک بوو، کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە لە ساڵی 2004 (مارک زوکەربێرگ) دایمەزراند، لە ئێستادا مێتا خاوەندارییەتی هەر یەک لە پلاتفۆرمەکانی (Facebook, Instagram, Whatsapp و massenger) دەکات.