بە مۆبایل لە ناو یاریگا ڤاریان بەکارهێنا
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لە خولێکی تۆپی پێی یازدە یاریزانی، لە ناحیەی بەحرکەی پارێزگای هەولێر سیستەمی ڤار بە مۆبایل بەکارهات.
ئەمڕۆ شەممە، لە یاری پێش کۆتایی خولی “ئەمیری جوانە مەرگ”، کە لە نێوان تیپی شەهید دیدار و کازیوە بەڕێوەچوو، لە کاتی ئەنجامدانی لێدانە یەکلاکەرەوەکان، لەرێگای موبایلەوە سیستەمی ڤاریان بەکارهێنا و تیپی شەهید دیدار، توانی بە ئەنجامی 5 – 4 گۆل، بە لێدانی یەکلاکەرەوە یارییەکە بباتەوە و بچێتە یاری کۆتایی خولەکە.
شێرزاد میرۆ، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خولەکە بە 964ـی وت، ساڵانی پێشوو چەندین جار، لەکاتی ئەنجامدانی لێدانە یەکلاکەرەوەکان کێشە دروست دەبوو، لەئەگەری هاتنەدەرەوەی گۆلپارێز لەو هێلەی بۆی دیاریکراوە یان رەتکردنەوەی گۆل، بۆیە وەک چارەسەر دیارکردنی کەسێک بوو نزیک لە گۆل و لەرێگای زومی کامێرای موبایلەوە تەواوی گۆڵەکە پێشان بدات.
وتیشی: “لەناو تیپە میلییەکاندا زیاتر دەبێتە کێشە و دەمەقاڵێ، بەڵام لەم رێگایەوە توانیمان رێگری لەو کێشانەش بکەین”.
ئەمە دووەمین خولە لە ناحیەی بەحرکە سیستەمی ڤار بەکاردێت و تەنیا لەکاتی ئەنجامدانی لێدانە یەکلاوەکەرەوەکان جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی