لە پەرلەمانی بەغدا
ئەمڕۆ پاشەکەوتی موچە یەکلایی دەکرێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بڕیارە لە کاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدواوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت بۆ پەسەندکردنی ئەو مادانەی ماون لە پرۆژەیاسای بودجە، یەکێک لە بڕگەی مادەکانیش باسی پێدانەوە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
دوو هەفتە لەمەوبەر، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگیاندا لەسەر زیادکردنی بڕگەیەک بۆ مادەی 14یەم کە تیایدا هاتووە، “حکومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە پێدانەوەی پاشەکەوتی موچە بە رێژەی %10ی مانگانە بە فەرمانبەرەکانی”.
بڕیارە ئەمڕۆ مادەی 14یەمیش تاوتوێ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت بە پەسەندکردن یان رەتکردنەوە.
لە دانیشتنی شەوی رابردوو، پەرلەمانی عێراق شەش مادەی ناو پرۆژەکەی پەسەندکرد.
دەنگ بە مادەکانی یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم درا و مادەی دووەم هەڵگیرا چونکە کێشەی ناڕوونی زمانەوانی تیادابوو، هەروەها مادەی چوارەم لادرا کە تایبەت بوو بە دەسەڵاتێکی ئەنجومەنی وەزیران.
لە پرۆژەکەدا، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بە بڕی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دیاریکراوە. ئەوە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە نێردرابێتە پەرلەمان.