یەك مانگە وەزیری پێشمەرگە دەوامی نەکردووە

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

مانگێک دەبێت کە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نە دەوامی کردووە و نە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ 964+.

سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، لەسەر داواکاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو وەزیرە وازی لە دەوامکردن هێناوە، ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێیە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە لە كابینەی نۆیەم، لەسەر پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

تەنیا ئەو نییە کە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناکات، بەڵکو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و سێ وەزیری دیکەی یەکێتی زیاتر لە مانگێکە بەشدارییان نەکردووە.

ماوەیەکە ئاڵۆزیی و ململانێی چڕ لە قسەکانی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بەدی دەکرێت بەرانبەر یەکتری، گوایە بافڵ تاڵەبانی بە وەزیرەکانی راگەیاندووە، “مەچنەوە دەوام تاوەکو گرفتەکان چارەسەر دەبن”.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964+ كەوتووە، وتەبێژێک بەناوی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە وەزیری پێشمەرگەوە كردووە پێیوتووە “ئێمە لە ئەدای كارەكانت رازین و دەمانەوێت لە شوێنەكەی خۆت بمێنیتەوە”.

نەچوونەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر كارەكەی لەكاتێكدایە پێشتر هەڕەشەی دەست لە كار كێشانەوەی کردووە بەهۆی ئەوەی دەستێوەردان لە وەزارەتەكەیدا دەكرێت، بە قسەی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ 964+.

964+ چەندین جار پەیوەندی کرد بە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

هەندێك دەنگۆ باس لەوە دەكەن، گوایە بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان لە كارەکانی وەزیری پێشمەرگە ناڕازین، هەروەها لەبەرئەوەی نزیکە لە بەرهەم ساڵح، لە لایەن سەرۆکی یەکێتیەوە بڕیاری دوورخستنەوەی درابێت.