چین و UN داوا له توركیا ده‌كه‌ن هێرشەکانی سەر رۆژئاڤای کوردستان بوه‌ستێنێ
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
وڵاتى چین داوا له توركیا ده‌كات هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان رابگرێت و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش نیگەرانى خۆی له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانى توركیا بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا، ده‌رده‌بڕێ.
جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە و نەهامەتیی سورییەکان زیاتر دەکات، بۆیە داوا لە ئەنقەرە دەکەن دەستبەجێ هێرشەکانی بوەستێنێت.
قنغ شوانگ، جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆبونەوەی شه‌وی رابردووى ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كه تایبه‌ت بوو بە دۆخی سوریا، له وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “دەبێت ئێمە پشتیوانی لە سەروەری سوریا و یەکێتی خاکی ئەو وڵاتە بکەین، بەتایبەت کە تائێستاش دۆخی ئەمنی سوریا ئاڵۆزە و تورکیاش لەم کاتەدا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە”.
ئەوەشی خستەڕو، “ئەنقەرە دەیەوێت هێرشی زەمینیش بکاتەسەر ناوچەکانی سوریا، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر سوریا بەردەوامی هەیە، کە هەردوکیان سەروەری خاکی سوریا پێشێل دەکەن”.
جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان وتیشی، چین نیگەرانە لە دۆخی سوریا، داواش لە تورکیا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆسەر سوریا رابگرن، هەروەها هەموو هەنگاوێکیش بوەستێنین کە دەبێتەهۆی زیادکردنی گرژییەکان و پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکان بکەن لەرێگەی گفتوگۆوە.
له‌لایه‌كی تر نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان هه‌ڵوێستى خۆی له‌باره‌ى بارودۆخى رۆژئاواى کوردستان و هێرشەکانی تورکیا ئاشكرا كرد و نیگه‌رانى خۆشی له‌باره‌ى هه‌وڵه‌كانى توركیا بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌ى سه‌ربازی ده‌ربڕی.
گیر پێدرسۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا لە هه‌مان کۆبونەوەى شه‌وى رابردوو له وتارێکدا دۆخی ئێستای سوریا لە قۆناغێکی مەترسیدار خسته‌ڕوو و گریمانەی زیادبونی شەڕ و پێکدادانی له‌و وڵاته زیاتر كرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە وڵاتانی گەرەنتیکاری دۆخی سوریا دەکات لە سەرەتای ساڵی نوێ‌دا جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ نوسینەوەی دەستور دەستپێبکەنەوە، چونکە بەردەوام بونی ئەو دۆخە وادەکات هەزاران هاوڵاتی سوری روبەڕوی پێشلکاری ببنەوە، لە هەمانکاتیشدا داوا دەکات هەموان گرژی سەربازی لە سوریا رابگرن.