دارا محەمەد بۆ 964: بە مەرج مه‌شقی یانەکان وەردەگرم

964+
هێژا خه‌سره‌و – هه‌ولێر

راهێنه‌ر ‎دارا محەمەد ئاشكرای كرد، مه‌شقی دوو یانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی لە وەرزی رابردوو ئەرکی راهێنانی یانەی چوارقوڕنەی وەرگرت و چەند گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی خولەکە دەستیلەکارکێشایەوە.

‎دارا محه‌مه‌د حه‌بیب یاریزانی پێشووی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بووه‌ته‌ راهێنه‌ر، بۆ تۆڕی 964 هۆکاری رەتکردنەوەی ئەم دوو یانەیەی خولی نایابی کوردستانی بۆ ئەوە گه‌ڕانده‌وه‌، خولەکە کەمی مابووه‌ و ئیدارەدان و وەرگرتنی تیپ لەم کاتەدا به‌ بڕوای ئه‌و زەحمەت دەبێت، لەبەر ئەوە ده‌ڵێت، به‌ داوای لێبوردنەوە هەردوو یانەکەی رەتکردووەتەوە.

‎ئێستا دارا بێ یانەیە و دەڵێت “بە نیازم ئەرکی راهێنانی یانەیەک وەربگرم، کە گرنگی بە سەرجەم ئاستەکان بدات لە لاوان و پێشکەوتووان، بۆ ئه‌وه‌ی کاربکەین بۆ پێگەیاندن و ناساندنی یاریزانی نوێ و لاو، هەروەها دەمەوێت یانەیەک هەڵبژێرم کارگێڕییەکەیان وەرزشدۆستبن و نامەوێت یاریزانان لە دەست کارگێڕیی یانەکە بناڵێنن”.

‎ئێستا سێ یانە داوای ئەو راهێنەرە کەرکوکییەیان کردووە، بەڵام نەیویست ناوی یانەکان ئاشکرا بکات و دەڵێت، “دەمەوێت خوێندنەوە بۆ بارودۆخی خۆم و یانەکەش بکەم، ئینجا یانەی گونجاو هەڵبژێرم”.

‎دارا پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەم و ئۆڵمپیی عێراق بووە، لە چەند یارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیشدا بەشدار بووه‌، هەروەها لە یانە دیارەکانی وەک “هەولێر، کەرکوک، زەوڕا و قوەی جەوییە و چەند یانەیەکی دیکەش یاریی کردووە، دوای وازهێنانیشی وەکو راهێنەر دەرکەوتووە و وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە كاری كرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا