لە دهۆک ئەمپێری 5 هەزارە

سلێمانی کەمترین و هەولێر زۆرترین پارەی مۆلیدە دەدەن

964+

هیڤی دێوالی

کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی زۆرترین و لە هەولێر کەمترین هەبووە، لە دهۆکیش دۆخەکە باشە.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی ئایار، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگاکان نرخی مۆلیدەکان دەستنیشاندەکەن، دۆخەکە لە سلێمانی باشترینە و لە هەولێر خراپترین.

هەکار هروری، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە 964ـی وت، لە دهۆک بەهای ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لە مانگی ئایار تەنیا 5,750 هەزار دینار بووە و مۆلیدەکانیش بە تێکرا 89 کاتژمێر ئیشیان کردووە.

هەرچی پەیوەند بە هەولێرە، مۆلیدەکانی سەنتەری شار بە گشتی 100 کاتژمێر کارەبایان داوە، واتە لەنێوان 90 بۆ 150 کاتژمێر بووە، بەڵام ئەوەی دەرەوەی شار کاتژمێرەکانی زۆر زیاترە و لەنێوان 180 بۆ 260 کاتژمێرە.

ئەندازیار قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان بە 964ـی وت، بۆ سەنتەری شار بەهای ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لەنێوان 4,750 بۆ 6,750 دینارە.

دەشڵێت: بەڵام دەوروبەری شارەکان 180 بۆ 260 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان پێدراوە، لەسەر ئەمە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر کردووە کە کۆنتڕۆڵی فیدەرەکانی کارەبای نیشتمانیان پێبدرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کارەبای نیشتمانی چەند کاتژمێر هەبووە.

زیاتر وتیشی “ئەگەر ئەو بڕە کاتژمێرە بۆ دەوروبەر وەربگیردرێت ئەوا بەهای ئەمپێرێک دەگاتە 10 هەزار دینار”.

لە سلێمانی دۆخەکە تەواو جیاوازترە بەراورد بە هەولێر، زۆرترین بڕی کارەبای نیشتمانی هەبووە کە سەرووی 22 کاتژمێر بووە لە رۆژێک.

بە گشتی مۆلیدەکان لە سلێمانی لە مانگی رابردوو تەنیا 35 بۆ 40 کاتژمێر کارەبایان داوە، ئەمەش وایکردووە یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە پارەی کارەبای مۆلیدە کۆ بکەنەوە یان نا.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964 راگەیاند، نرخ بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا لە 1500 بۆ 2000 دینار  بڕیاری لێدەدرێت.