زیانەکانی سەرووی 40 ملیۆن دینارە
لە راپەڕین.. لە ماوەی مانگێکدا 37 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە
فەرمان سادق
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئایاری رابردوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 37 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە کە لە رێگەی نۆ بنکە و یەک مەفرەزەوە.
راید عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، رووداوەکان سووتانی ئۆتۆمبێل، کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵان، دوکانی مریشکفرۆش، مارکێت بووە.
دەشڵێت: کۆی گشتی زیانە داراییەکانی ئەو 37 رووداوە 40 ملیۆن و 275 هەزار دینار بووە.
لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارانیش، راید عەلی قادر وتی “خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ رووداوێکی کەوتنەوەی ئاگر لە دەغلی جوتیاران لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رووی نەداوە، بەردەوام تیمەکانمان سەردانیان دەکەن و هەندێک شوفێری دەڕاسەش سزای سەرنجڕاکێشانی بۆ کراوە لەسەر پابەند نەبوون بە رێنماییەکان”.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین نۆ بنکەی هەیە، ئەوانیش؛ بنکـەی رانیە، بنکـەی کێوەڕەش، بنکـەی قەڵادزێ، بنکـەی سەنگەسەر، بنکـەی چوارقوڕنە، بنکـەی حاجیاوا، بنکەی سەروچاوە، بنکەی سەرکەپکان، بنکـەی ژاراوە و مەفرەزەی راپەڕینی قەڵادزێ.