گروپى كۆمپانیا گەشتیاریه‌كانى كه‌نداو گه‌یشتنه‌ دوكان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گروپێكی گه‌ریده‌ى كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى ولاتانى كه‌نداو له‌ قه‌زاى دوكانن، دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هاتوونه‌ته‌ كوردستان و دوێنێش له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى سۆران بوون.

گروپه‌ گه‌ریده‌كه‌ بریتین له‌ نوێنه‌رى كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى وڵاتانى عومان، سعوودیە، كوێت و بەحرێن.

قایمقامییه‌تى دوكان بڵاویكردووته‌وه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و گروپه‌ له‌ قه‌زاكه‌یانن و به‌نیازن سەردانی ناوچەو شوێنەوارە دێرینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی قەزای دوکان بکەن.

دوێنێ سێشه‌ممه‌، فەیسەل سادق بەڕێوەبەری گشتىی گەشتوگوزاری سۆران، بە 964ـى راگەیاند بوو، خواستێكى زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا بکرێت.

وتیشی “نوێنه‌رى گه‌شتیاری ئه‌و وڵاتانه‌ پلانیان هەیە هەرێمی کوردستان لە رووی گەشتوگوزارەوە ببەنە ئاستێکی جیهانی و هەرێمی، ئێمه‌ش دەمانەوێت زۆرترین گەشتیاری وڵاتانی کەنداو بێنە هەرێمی کوردستانەوە”.

مانگی رابردوو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە وڵاتی ئیمارات، بەشداری لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی كرد و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتانی کەنداو كرا، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی گەشتیاریی ئەنجام بدەن.