ئامادەکارییە بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا

تەندروستیی جیهانی دەرمان و کەلوپەلی بۆ سلێمانی دابین کرد

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڕێک دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و تاقیگەیی رادەستی تەندروستیی سلێمانی کرد.

پێشکەشکردنی دەرمانەکان بە مەبەستی ئامادەکارین بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و کۆلێرا لە وەرزی هاویندا.

تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 30.5.2023 بڵاویکردووەتەوە، پێداویستییەکان بریتین لە 150 کارتۆن كتی تاقیگەیی كۆلێرا و پێداویستی دیکەی لۆجیستی و تاقیگەیی.

ئەوەش روونکراوەتەوە، بەشێك لەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانە دەدرێتە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا پەتای سکچوون و کۆلێرا لە شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان بڵاودەبێتەوە.

تەندروستیی جیهانی دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لەسەر تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی کار دەکات، لە 7.4.1948 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری جنێفە لە وڵاتی سویسرا.