ئه‌مڕۆ نه‌ورۆز و دهۆك رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ خولی نایابی عێراق یانه‌ی نه‌ورۆز رووبه‌ڕووی ركابه‌رێكی سه‌خت ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش یانه‌ی دهۆكه‌، یاریی لووتكه‌ش له‌ به‌غدا ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گه‌ڕی 31ی خولی نایابی عێراق درێژه‌ی ده‌بێت، له‌ یاریگه‌ی سلێمانی یانه‌ی نه‌ورۆز دوای ئاماده‌كارییه‌كی چڕوپڕ، میوانداریی یانه‌ی دهۆك ده‌كات.

سلێمان ره‌مه‌زان راهێنه‌ری یانه‌ی دهۆك به‌ 964ی وت، نه‌ورۆز تیپێكی باشه‌ و یاریزانی ئه‌ستێره‌ و راهێنه‌رێكی زیره‌كی هه‌یه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی ركابه‌رییه‌كی به‌هێز ده‌كه‌ین.

دهۆك له‌ پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی عێراقه‌ و 45 خاڵی هه‌یه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یانه‌ی نه‌ورۆز ئێواره‌ی دوێنێ دوایه‌كی مه‌شقی خۆی له‌ یاریگه‌ی ئاشتی ئه‌نجام دا و خۆی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ كردووه‌.

پرسیار عه‌بدولڕه‌زا یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ 964ی وت، دهۆك تیپێكی به‌هێزه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی ئێمه‌ ئاسان نییه‌ و چاوه‌ڕێی یارییه‌كی به‌هێز ده‌كه‌ین.

یانه‌ی نه‌ورۆز ئێستا له‌ پله‌ی 13ی خولی عێراقه‌ به‌ 36 خاڵ.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا یانه‌ی دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 1-0 گۆل له‌ یانه‌ی نه‌ورۆزی برده‌وه‌.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
نه‌ورۆز – دهۆك 04:45
كاره‌با – كه‌ربه‌لا 04:45
نه‌جه‌ف – حدوود 07:00
زه‌وڕا – ته‌ڵه‌به‌ 09:30.