ئیدارەی راپەڕین بە دەست ماددەی هۆشبەرەوە گیری خواردووە

+964

مەجید بیتوێنی – راپەڕین

ڤیدیۆ

بە دەستگیرکردنی هەشت کەس لە حاجیاوا ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە ئیدارەی راپەرین لە ئەمساڵدا دەستگیرکراون گەیشتە ١٢٦ کەس و دەست بەسەر ١١٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆریشدا گیراوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی راپەڕین، لە ١١ مانگی ئەمساڵدا، ١١٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش و کریستاڵ و هیرۆین و ١٠ هەزار دەنکە حەبی ترامادۆڵیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا، دەستگیرکردنی هەشت بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری راگەیاند، کە تەمەنیان لەنێوان ٢٢ تا ٢٤ ساڵیدایە.

بە قسەی شارەزایان، هاوسنووریی ئیدارەی راپەڕین بە وڵاتی ئێرانەوە ناوچەکەی کردووە بە شوێنێکی مەترسیدار بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.