لە كەركوكەوە رۆیشتوون و لە پیرانشار وانە دەڵێنەوە

+964
كوردستان ئەحمەد

گروپی شانۆی هەوار لە كەركوكەوە رۆیشتوون بۆ پیرانشار و لەوێ وانە بە شانۆكارانی 10 وڵات دەڵێنەوە.

بۆ ماوەی سێ رۆژە فێستیڤاڵی شانۆی پیرانشار بەردەوامە، تیپی شانۆیی لە 10 وڵاتەوە بەشدارن و چەندان جۆر شانۆی جیاوازی سەرشەقام پێشكەش دەكەن.

لە كەركوكەوە گرووپی شانۆی هەوار بەشدارییان كردووە، لەوێ وانەكانی راهێنانی جەستەیی و فیکری و پلە جۆراوجۆرەكانی كاری شانۆیی بە تیمە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ دەڵێنەوە.

نەژاد نەجم، دەرهێنەر و بەڕێوبەری گرووپی شانۆی هەوار، بە 964ی وت، شەوانە سێ كاتژمێر وانەی پراكتیكی بە شانۆكارانی 10 وڵات دەڵێنەوە و قسە لەسەر چۆنیەتی شانۆی سەرشەقام دەكەن.

گفتوگۆ لەسەر پرسی شانۆی سەرشەقام و چۆنیەتی چوونە ناو خەڵك و نمایشی سەرشەقام، بەشێكی گرنگی وانەكانی گرووپی شانۆی هەوارە لە پیرانشار.

ساڵانە لە شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی كوردستان شانۆی سەرشەقام بەڕێوەدەچێت، چەندان تیمی جیاوازی وڵاتان تێیدا بەشداری دەكەن و لەلایەن ستافێكی نێودەوڵەتییەوە خەڵات بەسەر براوەكاندا دابەش دەكرێت، فێستیڤاڵەكە 10 ساڵە بەردەوامە.