ماری جۆری پایسون وێنە: 964
مارێکی شەش مەتری لە هەولێرە
964+
فەهمی نەبی
جۆرە مارێکی دەگمەن هێنراوە بۆ هەولێر، پێی دەوترێت پایسون، درێژییەکەی شەش مەترە و ئەوانەی مارەکەیان لەلایە دەڵێن، لەسەر ئاستی عێراق هاوشێوەی نییە.
ماری جۆری Albino Burmese python بە ماری زێڕینیش ناودەبرێت، 25 ساڵ دەژیت، زۆربەیان رەنگیان تێکەڵەی نێوان رەنگی زەرد و سپییە.
هێرش تەیار، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، ئەو جۆری مارە دەگمەنە و لە کوردستان و عێراق نییە، کێشی 90 کیلۆیە، نزیکەی شەش مەتر درێژیەکەیەتی، تەمەنی شەش ساڵە، بە وتەی ئەو ئەگەر چاودێری بکرێت، درێژتر دەبێت.
هێرش لەب ارەی نیشتمانی یەکەمی ئەو مارە دەڵێت، لە پاکستان و ئەفغانستانەوە بە قاچاخ هێنراوە بۆ عێراق، ئێمە لە یەکێک لە شارەکانی عێراق کڕیمانەوە.
بەرپرسانی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێن، لەبەر ئەوەی بە قاچاخ هێنراوە بۆ خاکی عێراق بە گوێرەی رێنماییەکان دەبێت 40 رۆژ بخرێتە کەرەنتینەوە، بۆیە ئەو ماوەیە لە شوێنی تایبەت و بە تەنیا دەمێنێتەوە.
بە وتەی بەرپرسانی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، ماری جۆری پایسون، ژەهری نییە، ئەگەر بیەوێت نێچیرەکەی بخوات خۆی بەدەوری نێچیرەکەی لوول دەپێچێت و دواتر دەیخوات.