گه‌نجه‌ ونبووه‌كه‌ى باسرمه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا دۆزرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، گه‌نجێكی ئاواره‌ى سورى له‌ كه‌مپی باسرمه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌، له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى ونبوو، دواتر ئاشكرا بوو كه‌ له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا دۆزراوه‌ته‌وه‌.

كه‌مپی باسرمه‌ له‌ 2013 بۆ ئاواره‌كان دروستكراوه‌، ئێستا به‌ سه‌دان  ئاواره‌ى جیاجیاى لێ نیشته‌جێیه‌ كه‌ به‌شێكیان ئاواره‌ى سورین.

وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گه‌نجێك به‌ناوى غەمگین کازم حەسۆ تەمەن 25 ساڵ، ماوه‌ى 10 رۆژه‌ له‌ کەمپی باسرمە ده‌رچووه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

كه‌سوكارى ئه‌و گه‌نجه‌ دواى ئه‌و 10 رۆژه‌ هانایان بۆ پۆلیسى كه‌مپ بردووه‌، بۆئه‌وه‌ى سۆراغێكی كوڕه‌كه‌یان بكه‌ن و بدۆزرێته‌وه‌.

964، سۆراغى ئه‌و گه‌نجه‌ى كرد، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ پۆلیسی كه‌مپی باسرمه‌، وتى، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئاسایش سه‌ردانى كه‌سوكاره‌كه‌یان له‌ناو كه‌مپ كردووه‌ و پێیانووتون كوڕه‌كه‌یان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا.

به‌قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ ناوى لاى 964 پارێزراوه‌، ئه‌و گه‌نجه‌ ئیقامه‌ى وڵاتى ئه‌ڵمانیاى هه‌بووه‌ و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ لاى كه‌سوكاره‌كه‌ى، ماوه‌ى ئه‌و 10 رۆژه‌ش كه‌ نه‌گه‌ڕبووه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی وایانزانیبوو چووه‌ته‌ هه‌ولێر لاى دۆست و هاوڕێكانى بۆیه‌ نیگه‌ران بوبوون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23.5.2023 كه‌سوكاره‌كه‌ى به‌ پۆلیس و ئاساییشیان وتووه‌ “ببورن كوڕه‌كه‌مان له‌ ئه‌ڵمانیا ته‌له‌فونى كردووه‌ و وتوویه‌تى گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌”.