وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکات

ئەم پێنجشەممەیە دەرگای سایلۆکانی هەرێم دەکرێنەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە دەرگای سایلۆکانی هەرێم دەکرێنەوە و وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دەستپێدەکات، ئەوەش هاتووە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکانیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە، ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە راگەیەنراوێک هەواڵی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی راگەیاند.

بڕیارە ئەم پێنجشەممەیە 25.5.2023 پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستپێبکات، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پاریش لە هەمان کاتدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دەستیپێکردبوو.

بە پێی راگەیەنراوەکە، دوای ئەوەی نموونەی گەنمەکە لە پشکنین دەردەچێت، بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار بە جووتیارەکە دەدرێت.

پلانی وەزارەتی بازرگانی ئەوەیە، ئەمساڵ تەنیا 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پار 322 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرابوو.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی راگەیاندووە، لە ئێستاوە 40 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم.

ئەوەش هاتووە جووتیاران راستەوخۆ چەکی پارەیان پێدەدرێت و دوای چەند رۆژێک شایستەکانیان لە بانک وەردەگرن.