پرۆژەی “دڵنیایی ناچاری بۆ ئۆتۆمبێل” له ‌هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌هه‌رێمی كوردستان، پرۆژەی “دڵنیایی ناچاری بۆ ئۆتۆمبێل” جێبه‌جێ ده‌كرێت، بەڕێوەبەرێكی گشتیش ده‌ڵێت، مەبەستی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ قەرەبوكردنەوەی زیانە ماددی و گیانییەكانه‌.

بیرۆكه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ كۆنگره‌ی (الاتحاد الأردنی لشركات التأمین) سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ شاندێكی هه‌رێم تێیدا به‌شداربوون و له‌ رۆژانى  15 تاكو 18ـی ئەم مانگە، له‌ شارى عه‌قه‌به‌ى ئه‌و وڵاته‌ بەڕێوەچوو و نزیكه‌ى 30 وڵات تێیدا به‌شداربوون

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، گرنگی ئەم كۆنگرەیە لەوەدایە كه‌ هەرێمی كوردستان لەسەرەتای كاری دڵنیاییدایه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ “ئەزمونی وڵاتی ئوردن هۆكارێكە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی دڵنیایی لە هەرێم، چونكه‌ وڵاتێكی زۆر بەهێزە لەرووی بەڕێوەبردنی كاری دڵنیایی “.

ئاماژەی بەوەشكراوه‌، وڵاتی ئوردن ئەزمونێكی سەركەوتویان هەیە لە بواری دڵنیایی ناچاری بۆ ئۆتۆمبێل، ده‌شڵێت “وەكو حكومەتی هەرێم دەبێت كاری لەپێشینەمان بریتی بێت لە جێبەجێكردنی دڵنیایی ناچاری بۆ ئۆتۆمبێل بەمەبەستی قەرەبوكردنەوەی زیانە مادی و گیانییەكان”.