وەزارەتی کار: خەرجی بۆ ئەو منداڵانە تەرخان دەکەین کە لە چاکسازییەکاندان و کەسوکاریان سەردانیان ناکەن
964+
توانا نەقی
ئەنجومەنی چاودێری نەوجوانان کۆبوونەوە و چەندین بڕیاریان لە سودی ئەو ناوجوانانە دەرکرد کە لە چاکسازیەکاندان.
یەکێک لە بڕیارەکان پێکهاتووە لە دابینکردنی خەرجی بۆ ئەو منداڵانەی لە چاکسازیەکاندان و کەسوکاریان سەردانیان ناکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دانانی میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ناو نەوجوانان بەتایبەت نەخۆشی پێست، هەروەها چارەسەرکردنی گرفتی ئەو نەوجوانانەی کە بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە رادەگیرێن لە نێو چاکسازییەکان کرا.
هەروەها بڕیار لە چارەسەرکردنی کێشەی زیادبوونی رێژەی سواڵکەرانی ژن لە ناو چاکسازییەکان درا، لە کۆتاییدا بەرنامەی کار راسپاردە و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا.
دوێنی دووشەممە، لەلایەن هەریەک لە کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، داواکاری گشتی، بەڕێوەبەری چاکسازی کۆمەڵایەتی، دەستەی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری گشتی باخچەکانی ساوایان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی چاودێری نەوجوانان ئەنجامدرا.