لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون: گۆشتی بێ مۆر مەکڕن

964+

فەرمان سادق

بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لیژنەی باڵا پێنج بڕیاری دەرکرد، داواش لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە گۆشتی بێ مۆر.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵا پێکهێندراوە کە وەزارەتی ناوخۆ، کشتوکاڵ، تەندروستی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی ڤێتێرنەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تێیدا ئەندامن.

کۆبوونەوەکە دوێنێ ئەنجامدراوە و درەنگانی شەوی رابردووش بڕیارەکان راگەیەندرا کە ئەمانەن:

1- بڕیاردرا لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بودجەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ رێگریکردن لەم پەتایە بە رشاندنی قەسابخانەکان و دوکانی قەسابخانەکان و رشاندنی لەوەڕگاکانی خاوەنی ئاژەڵەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی حەشەرات و گەنە.

2- بڕیاردرا لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە هەوڵبدرێت بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان، هاوڵاتیانیش هۆشیار بکرێنەوە لە بەکارنەهێنانی ئاژەڵی سەربڕاو لە دەرەوەی قەسابخانەکان و بەکارنەهێنانی گۆشتی بێ مۆر.

3- بڕیاردرا هاتوچۆی ئاژەڵ بە شێوەیەک سنووردار بکرێت کە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڤێتێرنەری بێت.

4- بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون دروست بکرێت، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری و ئەندامیەتی هەریەک لە نوێنەرایەتی تەندروستی و یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و شارەوانیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

5- بڕیاردرا لە رێگەی سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندنەوە فۆکەسێکی گرنگ بخرێتە سەر کەمپینی هۆشیاری هاوڵاتیان، بۆ چۆنیەتی بەکارنەهێنانی گۆشتی سور لەسەر شەقامەکان، هەروەها بەکارهێنانی دەستکێش لەلایەن خانمانەوە لەکاتی بەکارهێنانی گۆشت و پاککردن و چاککردنی گۆشت بۆ چێشتلێنان لە ماڵەکانیان.