محەمەد خدر، سەرۆکی یانەی وەرزشی چوارقوڕنە. وێنە: ئەکاونتی تایبەتی خۆی
سەرۆکی یانەی چوارقوڕنە دەستلەکار دەکێشێتەوە
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
بە مەبەستی گۆرانکاری لە یانەکەدا و پێشخستنی زیاتری وەرزش لە دەڤەرەکەدا سەرۆکی یانەی چوارقوڕنە بەنیازە دەستلەکار بکشێتەوە.
سەرچاوەیەکی لە دەستەی بەڕێوەبەرانی یانەی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، محەمەد خدر، سەرۆکی یانەی وەرزشی چوارقورنە نیازی هەیە دەستلەکار بکێشێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوەکەی زانیارییەکانی بە 964 داوە، ئاشکراشی دەکات کە دەستلەکار کێشانەوەکەی ئارەزوومەندانەیە و دەیەوێت گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی سەرۆکی یانەکە بکرێت تاوەکو ببێتە نەریتێک بە ئامانجی پێشخستنی یانەکە.
محەمەد خدر، لە ساڵی 2019ـەوە سەرۆکی یانەی چوارقوڕنەیە، پێشتریش لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2013، بۆ ماوەی 10 ساڵ، هەم ئەندامی دەستەی کارگێڕی و هەمیش جێگری سەرۆکی یانە، ماوەیەکیش راهێنەری یانەکە بووە.
محەمەد خدر، تەمەن 40 ساڵان، دوای تاقیکردنەوەی هەموو پۆستەکانی ناو یانەکە دەستی لە سەرۆکایەتی یانەکە هەڵگرتووە، لە وەڵامی پەیوەندی پەیامنێری 964، زانیارییەکەی لەبارەی ئەگەری دەستلەکار کێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی یانەکە رەت نەکردەوە، هێندە نەبێت وتی “جارێ لەسەر ئەو بابەتە قسە ناکەم”.
دەشڵێت: ئەوەی لە توانایدا هەبووە بۆ یانەی چوارقوڕنە کردوویەتی.
یانەی وەرزشی چوارقوڕنە، لە ساڵی 2001ـەوە دامەزراوە و خاوەنی فێرگەی تۆپی پێ و یاریگا و گۆڕەپانی ساحە و مەیدان و شەش تیپی وەرزشی جۆراوجۆرە.
پارساڵ تیپی تۆپی پێی یانەکە سەرکەوت بۆ خولی نایابی کوردستان و ئەمساڵیش توانی بەرگری لە ئاستی خۆی بکات و دانەبەزێتەوە بۆ خولی یانە پلە یەکەکان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق