19 هەزار هاوبەش بێئاو بوون

سەرچاوەی ئاوی 95%ی خەڵکی قەڵادزێ چاککرایەوە

مەجید بتوێنی – قەڵادزێ

لە قەڵادزێ هەورەبروسکە ئاوی لە 19 هەزار هاوبەش بڕیبوو، دوای سێ رۆژ ئەم کێشەیە چارەسەر بوو و ئەمڕۆ ئاویان بۆ بەردرایەوە.

پچڕانی ئاو بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک بوو لە پەناڵی 33 کەی ڤی پڕۆژەی ئاوی خاس کە هەورەبروسکە لێیدابوو، ئەمە نزیکەی 95%ی خەڵکی قەڵادزێی بێئاو هێشتبووەوە.

ئەندازیار محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ، ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی راگەیاند، “لە کاتژمێر 4:00ی بەیانی ئەمڕۆوە پڕۆژەی ئاوی خاس، کە بەهۆی هەورەبروسکەوە دابەشکردنی ئاوی کەم کردبووەوە، وەک جاران دەستی بە دابەشکردنی ئاو کردووەتەوە”.

وتیشی، تا کێشەکە چارەسەر بوو لە سێ رۆژی رابردودا، بۆ هەندێک هاوبەش سوود لە سەرچاوەی ئاوی هەڵشۆ وەرگیراوە.

قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە لە ئیدارەی راپەڕین، ژمارەی دانیشتوانی 90 هەزارکەسە، پڕۆژەی ئاوی خاس لەسەر زێی بچووک دروستکراوە و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لێی سوودمەند دەبن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر