هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە کۆدەبێتەوە

964+

فەرمان سادق

لیژنەی دارایی سەرقاڵی دەنگدانە لەسەر بڕگە و مادەکانی بودجەی عێراق و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنی دەنگدانی لەسەر ئەنجامبدات.

دوای زیاتر لە 41 کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکان، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە 18ـی ئەم مانگەوە سەرقاڵی نووسینەوەی دوا رەشنووسی بودجەی ساڵانی 2023،2024 و 2025ـی عێراقە.

نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی عێراق و پسپۆری بودجە بە 964ـی وت، گفتوگۆ و دەنگدان لەناو لیژنەی دارایی بەردەوامن لەسەر نووسینەوەی دوا رەشنووسی یاسای بودجە.

دەشڵێت: ئەگەری هەیە دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی تا کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژە بکێشێت و هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان بە بودجە کۆبوونەوەکانی ئەنجامبدات.

ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرا سبەی دووشەممە 22.5.2023، پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە کۆببێتەوە.

پەیوەند بە پشکی هەرێمی کوردستانیش، نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد کە هێشتا لە لیژنەی دارایی گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە.