كارتی ڤاكسین بۆ حاجیانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت

+964
كوردستان ئەحمەد

كارتی ڤاكسین بۆ حاجیانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، پێش ئەوەی بەرەو حەج بەڕێبكەون.

ئەمساڵ بۆ ئەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان دووربن لە هەر جۆرە نەخۆشی و ڤایرۆسێك، پێنج جۆر ڤاكسین و دەرزی دژە ڤایرۆس وەردەگرن، پاشان كارتی ڤاكسینیان بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی لە پشكنینی فڕۆكەخانەدا بە ئاسانی بتوانن تێپەڕن.

دکتۆر سەرهەنگ جامباز، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی تەندروستی بە 964ـی وت، پڕۆسەی کوتان، پڕۆسەیەکی ساڵانەیە و لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستیی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجام دەدرێت.

بە پێی زانیارییەکانی 964 ڤاكسینی كۆڕۆنا،  دەرزی دژە بەكتریا و ڤایرۆسە وەرزییەكان، دەرزی بەهێزبوونی بەرگریی لەش بۆ سەرجەم حاجیەكان دەكرێت، كارتێكیان بۆ دروست دەكرێت كە سەرجەم زانیاریەكانی لەسەرە، ئەم كارتە وەك فۆڕمی پشكنینی تەندروستی بۆ حاجیان دەكرێت، بۆ ئەوەی لە فڕۆكەخانەكان تووشی گرفتی هەبوونی كارتی ڤاكسین نەبن.

هەرچەندە مەرجی هەبوونی كارتی پێكوتەی ڤاكسینی كۆڕۆنا لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستاندا نەماوە، بەڵام حاجیان ئەمساڵ ئەم كارتەیان بۆ دەكرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە تووشی هیچ گرفتێكی یاسایی و تەندروستی نەبنەوە.

كارتەكە بە پێنج هەزار دینار دەكرێت، هەموو كارتەكان ناوی تەواوی خاوەنەكەی و جۆری وەرگری ڤاكسینەكە و جۆری خوێن و باری تەندروستی حاجییەكەی لەسەرە، بۆ ئەوەی كێشەكانی بە ئاسانی چارەسەر بكرێت و لە كاتی هەر گرفتێكدا بزانن بەكارهێنەری ڤاكسینەكانە.

لە کوردستان ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەس ناویان دەرچووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

حەج فەریزەیەكی ئایینی ئیسلامە و ساڵانە ملیۆنان موسڵمان روو دەكەنە مەككە و مەدینە و فەریزەكە ئەنجام دەدەن، كە لەچەند رێوڕەسمێكی تایبەت پێكدێت.