ئەمڕۆ لە مەخمور چی روویدا؟

964+

دێسكی كوردی

كاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 20.5.2023 لیژنەی ناوەندی باڵای سەربە حكومەتی عێراق گەیشتنە ناو كەمپی مەخمور، بە مەبەستی دروستكردنی پەرژین لە چواردەوری كەمپەكە، بەڵام پێش وەختە ئیدارەی كەمپەكە ئاگاداربوون لەو هەوڵە،رێگریان لێكردن.

بە پێ سەرچاوەیەكی سەربازی باڵا لە نێو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی پارێزگای نەینەوا تایبەت بە تۆڕی 964 وتی، دوای ئەوەی ئیدارەی ئەو كەمپە رێگریان كرد، كاتژمێر نۆی بەیانی ئەندامانی لیژنەی ناوەندی باڵای كەمپەكە لەگەڵ ئیدارەی كەمپەكە كۆبونەوە، بۆیان رونكرایەوە كە پێشوتر ئاگادار كراون لەوەی بە نیازن پەرژین دروست بكرێـت .

سەرچاوەكە وتیشی، بڕیاریان داوە هەركەسێك بڕواتە دەرەوەی كەمپەكە ئەوە دەستگیردەكرێت.

كاتژمێر یەكی دوا نیوەڕۆ جارێكی دیكە نوێنەرانی كەمپەكە لە بارەگای فیرقەی 14ی سوپای عیراق  بە ئامادەبونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا كۆبونەوە، بەڵام جارێكی دیكە بێ سود بوو رەزامەندیان نەدا لەسەر دروست كردنی ئەو پەرژینە .

سوپای عێراق دەستی كرد بە گرتنی چوار دەوری كەمپەكە بۆ رێگریكردن لە هەموو جۆرە هاتوچۆیەك بەڵام لە لایەن ژمارەیەك ژن و منداڵەوە سەربازانی سوپا بەردباران كران و پێنج سەرباز برینداربوون، لە نێویاندا سەرۆك ئەركانی فیرقەی 14 .

وتیشی كاتژمێر 6 ئێوارە لیژنەكە كشایەوە بەرەو هەولێر، بڕیارە سبەینێ یەكشەممە جارێكی دیكە بچنەوە بۆ كەمپەكە، كە ئامانجیان دروستكردنی پەڕژینێكە بەدەوری مەخموردا.