پاڵەوانیەتیی هێزی لەش لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە شاری سلێمانی پاڵەوانیەتی کراوەی یاریی هێزی لەش بۆ یانە و هۆڵە وەرزشییەکان بەرێوەدەچێت.
لە رۆژانی 26 و 27 ـی ئەم مانگە لە هۆڵی فایەق قەساب لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتیی فیدراسیۆنی هێزی لەشی کوردستان، پاڵەوانیهتیی ئەو یارییە بۆ یانە و هۆڵە وەرزشییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین بەڕێوە دەچێت، کە بۆ هەر سێ جۆری “دبنی و پێنج پرێس و دیتلێفت”ـە.
هەژار قادر سەرۆکی لقی سلێمانیی فیدراسیۆنی هێزی لەشی کوردستان بە تۆڕی 964ی وت، کردنەوەی پاڵەوانیهتییەکە بۆ یانە و هۆڵە وەرزشییەکانە و ئاستی پێشکەوتوانی کوڕان تێیدا بەشدارن، پاڵەوانیهتییەکه کراوەیە، لەبەر ئەوەی 9 کێشی جیاواز رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی دەکەن، کێشەکانیش لە 53 کیلۆگرام دەستپێدەکەن تا سەروو 120 کیلۆگرام.
وتیشی، ئەو پاڵەوانانەی لەم پاڵەوانیهتییەدا پلەی یەکەم بەدەست دەهێنن، ساڵی داهاتوو بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی سلێمانی بەشداری خول و پاڵەوانیهتییەکانی عێراق دەکەن.
ماوەی 10 ساڵە رکابەری هەردوو جۆری دبنی و دیتلێف لە شاری سلێمانی بەڕێوەنەچووە و ئەمە یەکەم پاڵەوانیهتییە کە ئەو دوو جۆرە ركابهرییه لەخۆبگرێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا