“خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ دهۆك بایی ده‌فته‌رێك دۆلار بلیتی مۆندیالی كڕیوه‌”

+964
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

له‌ شاری دهۆك زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س بلیتی یارییه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕیان كڕیوه‌، كه‌سانێكی تێدایه‌ بایی ده‌ هه‌زار دۆلار “ده‌فته‌رێك دۆلار” بلیتیان كڕیوه‌.

یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ رۆژی ٢٠ی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ قه‌ته‌ڕ ده‌ستیان پێكردووه‌، له‌ هه‌موو دنیاوه‌ خه‌ڵك بۆ بینینی یارییه‌كان روویان له‌م وڵاته‌ كردووه‌، له‌وانه‌ش به‌شێكیان له‌ كوردستانه‌وه‌ گه‌شتیان كردووه‌.

ئاکام مەعسوم، خاوەنی کۆمپانیای دیلوکس بۆ گەشتیاری بە 964+ـی وت؛ ژمارەی ئەو کەسانەی له‌ دهۆك بلیتی یارییه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ و پاكێجی گه‌شته‌كانیان كڕیوه‌، زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سن”.

وتیشی: نرخی پاكێجه‌كان جیاوازن، كه‌مترینیان ٥٠٠ دۆلار و زۆرترینیان ١٠ هه‌زار دۆلاره‌ “ده‌فته‌رێك دۆلار”، پاكێجه‌كانیش بریتیین له‌ دابینكردنی بلیتی فڕۆكه‌، هوتێل و تیكتی یارییه‌كان.

به‌ قسه‌ی ئاکام مەعسوم، زیاتر لە مانگێکه‌ هوتێلەکانی قه‌ته‌ڕ هەموو گیراون، تیکت و پاکێجی گه‌شت نەماون.

“رۆژانە خەڵک سەردانمان دەکەن بۆ کرینی تیکت، ئەگەر به‌رده‌ست بێت بۆیان دابین ده‌كه‌ین، بەشێک لە خەڵکی دهۆک پاکێجی یەک دەفتەر دولارییان کڕیوە، کە ئەوەش گرانترینانە، دڵنیام ئەگەر هوتێل و تیکت بەردەست بوونایه‌، دوو هێندەی تر خه‌ڵكی دهۆك گه‌شتی قه‌ته‌ڕیان ده‌كرد” خاوەنی کۆمپانیاكه‌ی گه‌شتوگوزار وای وت.

لاوین مزوری، دانیشتووی شاری دهۆکە و 10 رۆژ لە قەتەڕ بووه‌ بۆ بینینی یارییه‌كانی مۆندیال.

ئه‌و بۆ 964+ وتی: “شه‌وی رابردوو گه‌ڕامه‌وه‌، مانگ و نیوێك پێش ده‌ستپێكردنی مۆندیال پاکێجێکی گه‌شتم به‌ هەزار ٤٩٥ دۆلار كڕی، کە پێکهاتبوو لە تیکتی فڕۆکە، دابینكردنی هوتێل و بلیتی دوو یاری، 10 رۆژ لە قەتەڕ بووم، سەیری یارییەکانی ئەرجەنتین و هوڵەندام کرد”.

“بۆ ئه‌م ده‌ رۆژه‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار دۆلارم خه‌رج كرد”

لاوین مزوری ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ یاریگه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌كانی قه‌ته‌ڕ، دەیان هاوڵاتی دهۆکی بینیوه‌، کە ئەوانیش بە مەبەستی سه‌یركردنی یارییەکانی موندیال له‌وێ بوون.

مزوری ده‌ڵێت “بۆ ئه‌م ده‌ رۆژه‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار دۆلارم خه‌رج كرد”.

964+ ده‌زانێت به‌ سه‌دان هاوڵاتی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی بینینی یارییه‌كانی مۆندیال گه‌شتی قه‌ته‌ڕیان كردووه‌.

یارییه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ له‌ ٢٠ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ ١٨ی مانگی داهاتوو كۆتایی دێت، لیژنه‌ی رێكخستنی مۆندیال پێش ده‌ستپێكردنی یارییه‌كان رایگه‌یاند، زیاتر له‌ سێ ملیۆن بلیت بۆ یارییه‌كان به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین فرۆشراون.