دوای سێ رۆژ کۆمپانیا پاککەرەوەکانی سلێمانی بایکۆتیان شکاند
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دوای سێ رۆژ لە راگرتنی کارەکانیان لە سلێمانی، کۆمپانیا پاککەرەوەکان بایکۆتیان شکاند و ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیانکردەوە بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شەقامەکان.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، کۆمپانیاکان کێشەی پارەیان هەبوو و بۆیان چارەسەر کراوە، لەبەر ئەوە بایکۆتیان شکاندووە.
“چەکیان بۆ کراوە و پارە چووەتە سەر حسابەکەیان، بایکۆتیان شکاندووە”، زەردەشت رەفیق وای وت.
رۆژانە لە سلێمانی سێ کۆمپانیای پاککەرەوە، نزیکەی هەزار تۆن زبڵ و خاشاکی ناو شار کۆدەکەنەوە و لە ماوەی سێ رۆژی بایکۆتی کۆمپانیاکاندا، زبڵێکی زۆر کۆبووەوە.
لە رێکەوتی 17.4.2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی 14 ملیار و 975 ملیۆن دیناری بۆ شارەوانیی سلێمانی دا و وتی: پارەکە لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانییە و بە شێوەی کەمگەری بۆ ماوەی یەک ساڵ خەرج دەکرێت.