کەبابخانەیەک لە خانەقین- وێنە تایبەت 964
لە دهۆک کیلویەک کەباب پێنج هەزار دینار گران بوو
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە شاری دهۆک تەنیا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پێنج تاوەکو 10 هەزار دینار هاتووەتە سەر هەر کیلۆیەک کەباب.
پێش مانگی رەمەزان لە دهۆک یەک کێلوی کەباب لەناو شاری دهۆک لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دینار بوو، لە ئێستادا نرخەکەی بۆ سەرووی 25 هەزار دینار.
لە پارێزگای دهۆک 105 چێشتخانە هەیە کە 75ـیان دەکەوێتە سەنتەری شاری دهۆک.
نزار نەجمەدین، خاوەنی چێشتخانەی خان کەباب لەدهۆک بە 964ی وت “پێش مانگی رەمەزان کێلوی کەباب لای ئێمە بە 25 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 30 هەزار دینار.
دەشڵێت: هۆکاری گرانبوونەکەش، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی نەرمەیە لە 14 هەزار دینارەوە بۆ 18 هەزار دینار، ئەو گرانبوونە وایکردووە ئێمەش قازانج کەمتر بکەین.
قایمقامیەتی دهۆک، ئەو گرانبوونە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە کە یەکێک لەوان گرنبوونی گۆشتە.
میللەت زیکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازار لەقایمقامیەتی قەزای دهۆک بە 964ی وت، هۆکاری گرانبوونی کەباب و پرژاو بە گشتی بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە، یەکەم گرانبوونی گۆشت و دووەمیش خاوەن چێشتخانەکان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق