ناوەڕاستی 2024 یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان تەواو دەکرێن

964+

فەرمان سادق

دەستەی وەبەرهێنان کارەکانی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کرێنشینان دەستپێکرد، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تاوەکو 2025 کرێنشینان دەبنە خاوەنی یەکەکانیان.

لە سەرەتای ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 20 هەزار یەکی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروستبکات، یەکەکانیش بەسەر هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکرا.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 120 هەزار فۆڕم بۆ ئەو یەکانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشکەشکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە 270 ملیار دیناری تەرخانکردووە.

لە زاخۆ، زەوی تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە، لە چەند ناوچەیەکی دیکەش بەهەمان شێوە زەوی تەرخانکراوە، بەڵام وەک محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، لە هەولێر و سلێمانی هێشتا زەوی دابین نەکراوە، ئێمە ئامادەییمان هەیە بۆ دەستپێکردن ئەگەر زەوی ئامادە بێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوەشدەدات کە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تاوەکو ساڵی 2025 کرێنشینان دەتوانن یەکەکان وەرگرن و بچنە ناوی.

محەمەد شوکری دەشڵێت: ێمە بەڵێنمان داوە پرۆژەکە لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە دەست پێ بكات و لە ماوەی ساڵێكدا تەواو بێت، هەروەها لە هەولێریش بەهەمان شێوە و لە سلێمانیش ئەگەر زەویمان پێ بدرێت، ئامادەییمان هەیە دەست پێ بكەین.

زیاتر وتیشی “ئەگەر لەمساڵدا دەستیان پێ بکرێت، ئەوا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تا ساڵی 2025 هاوڵاتیان دەتوانن بچنە ناو شوقەكانیان”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی کردووە و باس لەوەدەکات یەکەکان كەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی وەك شارێكی نیشتەجێبوونی تەواو، شیاوی ژیانێکی گونجاوی هاوڵاتییان بێت.

دەڵێت: دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون پرۆسەیەكی دوور و درێژە؛ بەشێوەی ئەلیكترۆنی ناوەكان وەرگیراون.