لاپۆرتا به‌ڵێنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مێسی ده‌دات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ڵێنی به‌ جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ی دا، به‌ هه‌ر نرخێك بێت مێسی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ یانه‌كه‌یان.

بارسێلۆنا شه‌وی رابردوو نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگای ئیسپانیای ئه‌م وه‌رزه‌ی برده‌ه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ 4-2 گۆڵ له‌ ئیسپانیۆلی برده‌وه‌.

لاپۆرتا بۆ رۆژنامه‌ی سپۆرتی کەتەلۆنی قسه‌ی كرد و وتی، “هه‌رچی له‌ تواناماندا بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مێسی ده‌یكه‌ین”.

گرێبه‌ستی مێسی له‌ هاوینی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت و ده‌توانێت بچێته‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك خۆی بیه‌وێت.

شاره‌زایانی بازاڕی گواستنه‌وه‌ ده‌ڵێن، بارسێلۆنا پێویسته‌ 200 ملیۆن یۆرۆ له‌ كۆی مووچه‌ی یاریزانانی كه‌م بكاته‌وه‌، یان داهاتێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ ژێر رۆشنایی یاسای یاریی خاوێن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ مێسی بكات.

مێسی دوای 17 ساڵ یاریكردن له‌ بارسا، هاوینی 2021 بێ به‌رامبه‌ر چووه‌ ریزه‌كانی پاریس سانجێرمان، یه‌ڵام له‌وێ ئاسووده‌ نییه‌ و ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی رابردووش جارێكی دیكه‌ له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری پاریسه‌وه‌ هۆیهای لێكرا.