دروێنەی گەنم - وێنە: socialmedia
ترلیۆنێک دینار وەک وەجبەی یەکەم ئامادەکراوە
ئەمساڵ پارەی گەنمی جوتیاران بە دوو بەش دەدرێت
فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی بازرگانی پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی گەنم ببێتە گەورەترین ئاستی بەرهەمهێنان، راشیدەگەیەنێت کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە شایستەی دارایی جوتیاران بۆ گەنمی ئەمساڵ بە دوو وەجبە بیدات.
لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەستکراوە بە دروێنەی گەنم، لە هەرێمی کوردستانیش بە دیاریکراوی لە گەرمیان دەستکراوە بە دروێنە، وەزارەتی بازرگانیش پێشبینی دەکات بەرهمی گەنمی ئەمساڵ زۆر لەوە زیاتر بێت کە پێشتر پێشبینی کرا بوو.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە کە شایستەی دارایی جوتیاران بۆ بەرهەمی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ بە دوو بەش دابەش بکرێت.
دەشڵێت: بۆ قۆناغی یەکەم بڕی ترلیۆنێک دینار دابینکراوە و کە بە دوو بەش دەدرێتە جوتیاران، ئێستاش کار دەکەین بۆ دابینکردنی پشکی سێیەم لەو بڕە پارەیەی بۆ شایستەی دارایی گەنمی جوتیاران دابینکراوە.