جیهان پێویستی بە 9 ملیۆن پەرستار هەیە
لەسەر ئاستی جیهان لۆکسمبۆرگ زۆرترین موچە بە پەرستاران دەدات
964+
فەرمان سادق
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەرستارانە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، 70%ـی هێزی کاری ژنان لەناو سێکتەری تەندروستی دایە لە جیهاندا.
لە ساڵی 1974 لەلایەن ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران، رۆژی 12.5ـی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی پەرستاران دەستنیشانکرا و هەموو ساڵێکیش لەو رۆژەدا هەڵدەستیت بە دابەشکردنی کۆمەڵی کەرەستەی جیاواز بەسەر پەرستاران.
12.5، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی فلۆرنس نایتینجل، کە دواتر وەک یەکەم دامەزاروەی پەرستاری سەردم ناسرا.
رێکخراوی تەندرستی جیهانی لە ساڵی 2020 لە راپۆرتێکدا دەڵێت: لە جیهاندا 28 ملیۆن پەرستار بە ژن و پیاو هەن، بۆ ساڵی 2030 جیهان پێویستی بە 9 ملیۆن پەرستاری دیکە هەیە.
زۆرترین ژمارەی دەرچووی پەرستاریش لە جیهاندا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، دواتر ئەفریقیا بە پلەی دووەم دێت.
بە قسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت، رێژەی 70%ـی هێزی کاری ژنان لە سێکتەری تەندروستی دایە و لە سێکتەرەکانی دیکەش رێژەکە 41%ـیە.
بەپێی بەدواداچوونێک دەرکەوتووە پەرستاران لە وڵاتی لۆکسمبۆرگ خاوەنی زۆرترین موچەن کە ساڵانەی موچەکەیان لەنێوان 65 بۆ 120 هەزار دۆلار دایە.
دوای ئەویش ئەمەریکا دێت کە موچەی ساڵانەیان لەنێوان 45 بۆ 67 هەزار دۆلار دایە.
ئینجا وڵاتانی سویسرا، کەنەدا، بەریتانیا، ئوسترالیا بە دوای یەکدێن لە ریزبەندی زۆرترین موچەی پەرستاران.
لە وڵاتانی کەنداویش، ئیمارات لە پلەی یەکەم دێت کە بەرزترین موچەی پەرستار مانگانە دەگاتە دوو هەزار و 566 دۆلار.
دوای ئیمارات، عەرەبستانی سعودیە دێت، ئینجا کوێت و پاشان قەتەر.
پێوەند بە عێراقیش، بەرزترین موچەی مانگانەی پەرستاران نزیک دەبێتەوە لە دوو ملیۆن دینار.
پێوەند بە کوردستانیش، ژمارەی پەرستان نزیکەی 40 هەزار کەس دەبن، دوێنێ پێنجشەممە یادەکەیان کردەوە.