رێگای سەرەکی نێوان کەرکوک و هەولێر داخرا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دژی رووخانی کەپرەکانیان کاسبکارانی سەر شەقامی عەرەفەی کەرکوک، رێگایان داخست و تایەیان سووتاند.

دووسایدی عەرەفە لەناو شاری کەرکوک، ئەو دووسایدەیە کە گەشتیاران و رێبوارانی پارێزگای تکریت و بەغدا و باشوور و دانیشتووانی کەرکوک دەبەستێتەوە بە دووسایدی کەرکوک- هەولێر، بە داخستنی بووە هۆی داخستنی شەقامی هاتن بەرەو هەولێر.

داخستنی شەقامەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو، کاتێک شارەوانی کەرکوک کەپری کاسبکارانی سەر شەقامی عەرەفەیان تێکدا، لەدژی ئەمە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و شەقامی سەرەکی نێوان کەرکوک هەولێر، بەدیاریکراوی لەنزیک یانەی وەرزشی کەرکوک داخست.

شەقامی عەرەفە، رێگای خێرای نێوان کەرکوک هەولێر و بەدیاریکرای لەنزیک یانەی وەرزشی کەرکوک دەبەستێتەوە، رێگایەکە رۆژانە قەرەباڵەغیەکی زۆری بهسەرەوەیە و یەکێکە لە شەقامە سەرەکیەکانی شارەکە.

حسێن مەریوان، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە 964ـی وت، چەندین ساڵە لێرە کار دەکەین و هەر جارەی بیانووێکمان پێدەگرن، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا پێیانوتین، کەسابەتی خۆتان بکەن، بەڵام رێگا لە کەس نەگرن.

زیاتر دەشڵێت: کەچی دوێنێ پۆلیس کەپرەکانمانی رووخاند، ئەمڕۆش ساڵنامەی ئۆتۆمبێل و تەرازوویان برد، بەمەش ناتوانین سەوزە و میوەکانمان بفرۆشین، ئەمە وایکرد رێگا بگرین.

بەو هۆیەوە بە ناچاری سایدەکەی دیکە کرایە دووساید تاوەکو چارەسەری کێشەی ئەو کاسبکارانە بکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق