دوو بنکەی کەشناسی لە باشماخ و سەیرانبەن دەکرێنەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دوو بنکەی کەشناسی لە دەروازەکانی باشماخ و سەیرانبەن دەکرێنەوە و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، دانانی ئەو دوو بنکەیە پێویستیەکی چەند ساڵەیە و ئێستا کراوە.

لە ئێستادا بەشی کەشناسی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی سەرقاڵی نووسراوەکانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی رەزامەندی دامەزراندنیان بۆ بێتەوە.

کارزان لەتیف، لێپرسراوی کەشناسی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو ناوچانە کشتوکاڵین و تا ئێستا خوێندنەوەمان بۆ زانیاریەکانی کەشوهەوا نەبووە.

سەردانی ئەو ناوچانەمان کردووە و لایەنە ئیدارییەکانی سنوورەکە هیچ لاریەکیان لە کردنەوەیان نییە و هاوکاریشمانن. ئەوەش وتەی کارزان لەتیفە.

مەرزی باشماخ دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. مەرزی سەیرانبەنیش دەکەوێتە هەمان قەزاوە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری بانە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.