شوێنەواری لێیە

بۆ هه‌فته‌ى دووه‌م هه‌ڵكۆڵین له‌ “گردى له‌شكر” به‌رده‌وام ده‌بێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارى هه‌رێم به‌ هاوكارى دوو زانكۆی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، كارى هه‌ڵكۆڵین له‌ شوێنه‌واره‌كانى “گردى له‌شكر” له‌ سنوورى شارى هه‌ولێر ده‌كات و ده‌شڵێت “ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت”.

گردی لەشکر، بە یەکێک لە گردە شوێنەوارییە دەگمەنەکانی پارێزگای هەولێر هەژمار دەکرێت و ده‌كه‌وێته‌ سەر شەقامی 150 مەتری سنووری ناحیەی کەسنەزان.

پێشتر شوێنەواری هه‌ولێر ئاشكراى كردبوو، كه‌ ئێسکەپەیکەری مرۆڤ له‌و شوێنه‌واره‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و چەندین چینی سەردەمە جیاوازەکانیشی لەخۆگرتووە و یەکێکیان بۆ 4500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ هەڵکوڵینەکە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر و زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بەشی شوێنەواری زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەدەچێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، دوای پێدانی رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور، هەڵکۆڵینی ئه‌م شوێنەواری لە گردی لەشکر بۆ هەفتەی دووەم بەردەوامه.

بە پێی ئامارێك كه‌ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا لەناو شاری هەولێردا نزیکەی 12 گردی شوێنەواری هەن و لە دەرەوەی هەولێریش نزیکەی هەزار شوێنی شوێنەواری هەن.