بازاڕی خانوبەرە رووی لە دابەزین کردووە

964
دیلان محەمەد جەزا

ئێستا وەرزی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەیە، بەڵام بەھۆی نا سەقامگیری دۆخی ئابوری ھەرێمی کوردستانەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی ئەو سێکتەرە ھەیە.بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ بازاڕی خانوبەرە رووی لە کزی کردووە، بە شێوەیەک لە 10% نرخی لە دەستداوە.

ھەڤاڵ شێروان، خاوەنی نوسینگەی خانوبەرەیە بە 964 ی راگەیاند، زۆر بوونی یەکەکانی نیشتەجێ بوون کاریگەری ھەبووە لەسەردابەزاندنی نرخ، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی داھاتوودا کاریگەری تەواو دروست دەکات لەسەر بازاڕ.

لەسەر ئەم بابەتە ئەحمەد شێرزاد، بەڕێوەبەری فرۆشتنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون  لە سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی بەرز و نزمی دۆلارەوە بازاڕی فرۆشتنی یەکەکانیان سستی پێوە دیارە و ھاوڵاتیان کەمتر دەچنە لایان بۆ کڕینی.

باسی لەوەشکرد، ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ئاسانکارییان نەکردووە بۆ ھاوڵاتیان، بەھۆی دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر یەکەی نیشتەجێ بوونەوە منافەسە دروست بووە.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی سلێمانی بۆ 964 باسی لەوەکرد، ئێستا 13 پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لە ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانی بڕیار لەسەردانی ئەو پڕۆژانەن، بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەوەشی خستەڕو، بە دەستپێکی ئەو پڕۆژانە کاریگەری دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخ لە بازاڕدا، نرخی کرێش دادەبەزێت.

لە ساڵی 2009ـەوە تا ئێستا 65 پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لە شاری سلێمانیدا جێبەجێکراون، کە مۆڵەتیان لە وەبەرھێنان وەرگرتووە و 30 پڕۆژەش مۆڵەتیان لە شارەوانی وەرگرتووە، ھەندێک لەو پڕۆژانە تا ئێستا تەواو نەبوون.