لە کاتی زیادکراو دهۆک لە نەوتی بەسرەی بردەوە

964+

هیڤی دیوالی – دهۆک

یانەی دهۆک لە خولەکی 95 گۆڵی سەرکەوتنی بەسەر یانەی نەوتی بەسرە تۆمار کرد و سێ خاڵی گرنی یارییەکەی بەدەستهێنا.

لە گەڕی 27ـەمی خولی نایابی عێراق، یانەی دهۆک لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی نەوتی بەسرای کرد.

پێش یارییەکە، یانەی دهۆک بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولی نایابی عێراق بوو، هەروەها یانەی نەوتی بەسراش بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە ریزبەندی 14 بوو.

یانەی دهۆک، لەم یارییەدا بێبەش بوو لە توانای سێ یاریزانی، ئەوانیش هەرێم تەحسین بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانی، هەروەها هەردوو یاریزان زیاد ئەحمەد و نۆرو سولی بەهۆی پێکانەوە.

گێمی یەکەمی یاریەکە بەبێ گۆڵ کوتایی هات، لە گێمی دووەم و لە خولەکی 65 یاریزانی یانەی نەوتی بەسرا، نجومبی مبینجوی، توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانەکەی بکات.

تەنیا دوای سێ خولەک و لە خولەکی 68، ژیار گۆڤەند یاریزانی یانەی دهۆک توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانەکەی تۆمار بکات.

هەروەها لە خولەکی پێنجەمی کاتی زیادکراودا، واتە لە خولەکی 95، یانیک زاکری، توانی گۆڵی دووەم و پێشکەوتن بۆ یانەکەی تۆمار بکات و بەمەش یاریەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی دهۆک کۆتایی هات.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق