نیشانەکانی وەک نەخۆشی ڤایرۆسین بەڵام لە پشکنین بەکتریا دەردەچێت

964+

فەهمی نەبی

بەپێی ئەو پشکنینانە بێت کە بۆ هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ ئەنجامدراون، لە تاقیگەکان بەکتریا درچووە، بەڵام نیشانەکانی وەک ئەو نەخۆشیانەن کە لە ڤایرۆسەوە پەیدا دەبن، ئەمەش بەقسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە.

د.ئاراس هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە، لە لێدوانێکیدا بۆ 964 وتی “هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵان هێشتا بەربڵاوە، بەپێی ئەو پشکنیانەی کردوومانە بەکتریا دەرکەوتووە، بەڵام نیشانەکانیان ڤایرۆسین”.

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بۆ 964 وتی، “هۆکاری بەربڵاوی ئەمجۆرە نەخۆشییە لە ئێستا بۆ بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان دەگەڕێتەوە کە خەڵکێک هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاریدەهێنێت، ئەمەش وایکردووە بەرگری جەستە لاواز بێت و بەئاسانی منداڵ توشی ببێت”.

پێشتر د.پشدەر عەبدوڵا، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی لە 25.4.2023 وتبووی، “ئەگەر ڤایرۆس بێت ئەوا لێکەوتەکانی ئاسانترە بە یەک تاوەکو دوو رۆژ چارەسەر حاڵی منداڵەکان باش دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بەکتریا بێت ئەنجامی باش نییە، یان دەبێتە هۆکاری ئیفلیجی یانیش هەندێکجار دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی بینایی”.

هێشتا دەرئەنجامی پشکنینەکان روون نین، لەماوەی رابردوودا دوو شاندی لێکۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاتوون، نمونەی چەند منداڵێکی نەخۆشیان وەرگرتووە و لە بەغدا و وڵاتانی دیکە پشکنینەکان دوبارە دەکرێتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت.

لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لای منداڵان دەرکەوتوون، تا ئێستا نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەیان کەیسی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی تێدایە.