لەمەودوا دەبێت هەرێم و بەغدا خەمی ئاوارەکان بخۆن

+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن تا لە ساڵی داهاتووەوە هاوکاریی ئاوارەکانی هەرێم دابین بکەن، چونکە نەتەوەیەکگرتووەکان چیتر ئامادەی ئەو کارە نییە.
+964 لە زاری ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە زانیویەتی، “بەهۆی نەبوونی هیچ هۆکارێک بۆ نەگەڕانەوەیان” نەتەوەیەکگرتووەکان تەواوی هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکانی هەرێم رادەگرێت.
بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ٩٤٠ هەزار ئاوارە لە ٢٨ کەپمی هەرێمی کوردستاندا ماون، لەو ژمارەیە ٦٦٥ هەزاریان ئاوارەی ناوخۆی عێراقن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە +964ـی راگەیاند: بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان قورسایی زۆر دەخاتە سەر هەرێم و عێراق، بۆیە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پلانی هەیە بە شێوەی رێکخراو دەست بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بکات.
بەشێکی زۆری ئاوارەکان بەهۆکاری نالەباریی بارودۆخی ئەمنی و قەرەبوونەکردنەوەیان ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ناوچەکانی خۆیان.
+964 لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە ئەوەی زانیوە، لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کۆدەبێتەوە.
“دەبێت حکومەتی عێراق پلانی جددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان جێبەجێ بکات و تا ئەوکاتەش هاوکاری و خزمەتگوزارییەکانیان پێ بگەیەنێت”، سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ وای وت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و هێرشەکانی بۆ سەر شارە جیاوازەکانی عێراق، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، لەوکاتەشەوە تا ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکاری و خزمەتگوزارییەکانیانی دابین کردووە.