عارەبانچییەکانی بەردەم مزگەوتی گەورەی کەلار ناڕازین لە گواستنەوەیان بۆ شوێنە نوێیەکەیان
شارەوانی سێ رۆژ مۆڵەتی پێداوان
964+
میلاد جەلال – کەلار
لەسەر گواستنەوەیان بۆ شوێنی نوێیان، کێشە دەکەوێتە نێوان شارەوانی کەلار، بەقاڵ و عەرەبانچی و دەستگێڕەکانی بەردەم مزگەوتی گەورەی شارەکە
شارەوانی کەلار، شوێنێکی نوێیان بۆ بەقاڵ و عەرەبانچی و دەستگێڕەکانی شارەکە دەستنیشان کردووە کە دەکەوێتە نزیک گەراجی ناوخۆی کەلار، دەیانەوێت بەردەم مزگەوتی گەورەی شارەکە چۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان کە ژمارەیان زیاتر لە ١٥٠ کەس دەبێت، داوا دەکەن لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
تاریق محەمەد، یەکێک لە بەقاڵەکانی بازاڕەکەیە بۆ 964+ قسەی کردووە، دەڵێ؛ ماوەی چەندین ساڵە لەم جێگایە کار دەکەین و ئێستا پێمان وتراوە دەبێت شوێنەکەمان چۆڵ بکەین و بچینە نزیک گەراجی کەلار، بەڵام ئەو جێگا نوێیەی کە بۆمان دیاریکراوە گونجاو نیە و هاوڵاتیان لەوێ روومان تێ ناکەن، بۆیە داوا دەکەین رێگەمان بدەن لە جێگەی خۆمان بمێنینەوە.
لەسەر بڕیارەکەیان، پۆلیسی هاتوچۆی کەلار و شارەوانی قەزاکە ماوەی سێ رۆژیان وەک مۆڵەت بە عەرەبانچییەکان و دەستگێڕەکان داوە.
سەرچاوەیەک لە شارەوانی کەلار بە 964+ی راگەیاند، ئەو فرۆشیارانە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە داوایان لێدەکرێت شوێنەکەیان چۆڵبکەن.
لەبەرانبەردا، بەقاڵ و دەستگێڕەکانی بازاڕی مزگەوتی گەورە بەمە رازی نین و دەڵێن؛ شوێنەکەی خۆیان باشە و چۆڵی ناکەین، چونکە جێگا نوێیەکە چۆڵەوانییەو بێ رزقە.
بەهۆی ئەوەی کە رێگەیان پێنادرێت بۆیە بە بەیانیان ناچنە بەردەم مزگەوتی گەورە، بەڵکو دوای کاتژمێر سێی پاش نیوەڕ دەچن.
ئەحمەد کامەران و ئارام عەلی دوو گەنجی بەقاڵن دەڵێن؛ ئەو جێگە نوێیە وەک ئەوە وایە لە ماڵی خۆمان شتەکانمان دانابێت ئەوەندە چۆڵە ھاوڵاتیان رووی تێناکەن بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان.