سێ بنکەی دیکەیان بۆ زیاد کرا

17 هەزار مامۆستا لە چاوەڕوانی پشکنینی چاو دان

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوای بەداوداچوونی 964 لەسەر قەرەباڵغی بەردەم بنکەی پشکنینی چاو لە کەرکوک، سێ بنکەی پشکنینی چاو بۆ پشکنینی چاوی مامۆستایان زیاد کران.

حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە کەرکوک بکات بە هەمیشەیی کە ژمارەیان 17 هەزار مامۆستایە.

بەهۆی زۆری ژمارەیان و بوونی تەنیا یەک بنکەی پشکنینی چاو لە کەرکوک، بەردەم ئەو تاکە بنکەیە بە جۆرێک قەرەباڵغ بوو نزیکبوو لەوەی ناڕەزایەتی لێبکەوێتەوە.

964 لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک کرد و وێنای قەرەباڵغییەکەی بۆ گواستەوە.

دکتۆر نەبیل حەمدی بۆشناق، بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بڕیاری زیادکردنی بنکەی پشکنینی چاوی لە یەک بنکە کرد بە چوار بنکە، بە جۆرێک بەیانیان و ئێواران کاردەکەن و پشکنینی چاوی بۆ مامۆستایانی ژن و پیاویش جیا کردەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، هۆکاری قەرەباڵغییەکەی گەڕاندەوە بۆ بەغدا کە رۆژانە تەنیا هەزار وەسڵی پشکنین بە کەرکوک دەدات.

دەشڵێت: بە زیاکردنی سێ بنکەی دیکە کە دوانیان بۆ نێر و دوانیش بۆ مێ، هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی لۆدی سەر تاکە بنکەکەی پشکنینی چاو.

سۆلاف ئەحمەد، مامۆستای وانەبێژی گرێبەست بە 964 ی وت دوو رۆژە هاتوچۆ دەکەم و نۆرەم بەرناکەوێت، هەر جارێک بە بیانووێک دەڵێن وەسڵ نەماوە.

دەشڵێت: جارێ تەنیا یەک بنکەیە و فریا ناکەوێت، بەشێکیش لە مامۆستا پیاوەکان لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە دێن و نۆرە دەگرن و بۆیە بەر ئێمە ناکەوێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق