نووسینگەکان بازرگانی بە مردووش دەکەن
لەبەر جەستە ترسێنەرەکان کەس ناوێرێت بچێتە گۆڕستانی وادی سەلام
964+
نەجەف
خاوەن نووسینگەکانی ناشتنی مردوو لە نەجەف بە رێگایەکی نوێ بۆ زیاکردنی داهات داهێنانیان کردووە و بەمدواییە هەڵساون بە دانانی تابلۆی مردووەکە لەسەر گۆڕەکان وەک زیندوو هێشتنەوەی یادەوەریان، بەڵام ئەو تابلۆیانە بووەتە هۆی ترساندنی ئەو کەسانە لە شەواندا سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن.
تابلۆکان وەک لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت لە کارتۆن دروستکراون و وێنەی مردووەکەی لەسەرە، ئەمەش وایکردووە ئەو کەسانەی لە شەودا دەچنە گۆڕستانەکە جۆرێک لە ترس بکەوێتە گیانیان.
تاهیر محەمەد، چالاکوانێکی خەڵکی نەجەفە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ئەو تابلۆیانە لە شەواندا بە تایبەت دەبێتە هۆی ترساندنی ئەو خەڵکانەی سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن.
دەشڵێت: خۆم ئەوەم بەسەر هاتووە، شەوێک سەردانی گۆڕستانم کرد و سەلامم لە کەسێک کرد، بەڵام وەڵامی نەدامەوە، ئەمجارە بە دەنگی بەرز سەلامم کرد، هەر وەڵامی نەدامەوە، کاتێک لێی نزیکبوومەوە بینیم ئەوە مرۆڤ نییە بەڵکو تەنیا کارتۆنێکە.
لەسەر ئەو پرسە خاوەن چاپخانەیەک دەڵێت، دروستکردنی ئەو تابلۆ کارتۆنیانە سەرەتا بیرۆکەی ئێمە بوو، پێشتر وێنەکانمان لەسەر بەر هەڵدەکۆڵی، بەڵام ماوەی سێ ساڵە وێنەی مردووەکان لەسەر کارتۆن چاپ دەکەین و ئەمەش خواستێکی زۆری لەسەرە.
چاپخانەکان تابلۆی هەر مردووێک بە 150 هەزار دینار دروستدەکەن، ئەوانەشی کریستاڵین نرخەکەیان 140 هەزار دینارە.
فاتیمە عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای نەجەف بە 964ـی وتووە: داوامان لە شارەوانی نەجەف کردووە وەک لایەنی بەرپرس لەو پرسە کە ئەو تابلۆیانە لابەرن کە بووەتە هۆی ترساندنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.
بەشار سودانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی نەجەف بە 964ـی وت، بەردەوامین لەسەر لابردنی ئەو زیادەڕۆیانەی گۆڕستانی وادی سەلامە، بەڵام پێویستیمان بە کاتی زۆرە.