ئاوە تەماتەی هەریر هه‌ناردەی دەرەوە دەکرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رهه‌مى  كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى هه‌ریر هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان بكرێت و كارگه‌كه‌ش ده‌ڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا گرێبەستی هەناردەکردنه‌كه‌ واژۆ ده‌كرێت.

له‌و كارنامه‌یه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگه‌یاندووه‌، بریتیە لە پاکێجین و بە پیشەسازی کردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵیەکانی جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى هه‌ریر، لەسەر بانگهێشتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  کارگەکەیان بە بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی خۆماڵی لە مەراسیمی ناساندنی بەرهەمە خۆماڵیەکانی کوردستان بەشدار بوو.

ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌ رۆژى 28.4.2023 له‌ دیوانى وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چووه ‌و به‌ده‌یان به‌رهه‌می ناوخۆی تێدا ناسێندران.

كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى هه‌ریر: لە ئایندەیەکی نزیکدا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیرى كشتوكاڵ، گرێبەستی هەناردەکردنی بەرهەمەکەمان بۆ وڵاتانی ئەوڕوپی واژوو دەکەين

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، بە ئامادەبوونی وەبەرهێنەرێکی سویدی، زیاتر لە 100 ئایتمی بەرهەمی نایابی ناوخۆی کوردستان ناسێنرا هاوشێوەی بڕاندە کشتوکاڵییە جیهانیەکان، کە بە تایبەتمەندی تام و چێژ و کوالێتی بەرهەمەکانی خۆمان لە هەموو بازاڕێکی جیهاندا جیایدەکاتەوە.

كارگه‌ى دۆشاوى ته‌ماته‌ى هه‌ریر، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ لە ئایندەیەکی نزیکدا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیرى كشتوكاڵ، گرێبەستی هەناردەکردنی بەرهەمەکەیان بۆ وڵاتانی ئەوڕوپی واژوو دەکەن.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌ت، لە رێگەی ئەم وەبەرهێنەرە بیانییه‌وه‌، بازاڕی یەکێتی ئەوروپا بە رووی کاڵا و بەرووبومەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، چونکە ده‌ڵێت “ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌، خاوەنی زنجیرە مارکێتێکی گەورەیە لەسەر ئاستی بازاڕەکانی یەکێتی ئەوروپا”.