دۆی کوردی لەبازاڕەکاندا- وێنە: 964+
دۆ و بەرهەمەکانی خواستی زۆریان لەسەرە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە ماست دروستدەکرێت، دەشڵێن تا دایبنێ و دەستی لێ نەیەی ترشتر ئەبێت، پلەکانی گەرما روو لە بەرزین و خواست لەسەر ئەویش بەھەمانشێوەیە.
دۆی خۆماڵی، کە ئێستا لەسەر بەشێک لە شەقام و رێگاکانی دەرەوەی شار و نزیک گوندەکان دەبینرێت، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھۆکار بووە بۆ زۆربوونی خواست لەسەر کڕینی.
بە یەک لیتری یاخود پێنج لیتری و تا 20 لیتری خانەوادەکان بۆ خواردن یاخود دروستکردنی دۆینە و سیرێژ و دۆخەوا و کەشک و پەنیر و چەند خواردنێکی دیکە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە.
مەریوان عوسمان، فرۆشیاری بەرھەمە شیرەمەنییەکانە و رۆژانە دۆ بە دەستی خۆی دروستدەکات ئەو بە 964ی وت، دۆی خۆماڵی کە لە ماستی کوردی دروست دەکرێت، لەئێستادا خەڵک زیاتر بۆ خواردن لەگەڵ کەلانە لێمانی دەکڕن.
ئەوەشی وت، قەزوان، شویت و نەعنا بەپێی داواکاری تێکەڵ بەدۆکان دەکەن، کە نرخی دەبەیەکی 10 بۆ 15لیتری لە ئێستادا بە 10 بپ 12 ھەزار دینار دەفرۆشن.
بەوتەی ئەو فرۆشیارە دۆ تا بمێنێتەوە خۆشتر ئەبێت، ھەروەک بۆ 964باسیکرد، خەڵکیش بەسەر دوو رادا دابەشبوون ھەندێکیان داوای دۆیتازە دەکەن و ھەندێکیش دۆی کۆن، بەو پێیەی ترش خۆرن و رەنگە ھەر ئەو تامە تامەزرۆییان بۆ دۆ بشکێنێ.
دۆ لە پێكهاتەی ماستە دوای ئەوەی چەورییەكەی جیادەكرێتەوە بە زیادكردنی بڕێك ئاو بۆ ماستەكە، كۆمەڵێك سودی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ بەشی زۆری پێكهاتەكانی ماستی لە نێو دایە بە تایبەتی كالسیۆم و پۆتاسیۆم.