لە کلاسیکۆی کوردستان پێشمەرگە لە هەولێری بردەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی بالەی پێشمەرگەی سلێمانی لە هۆڵی گەل لە شاری بەغدا یاری کلاسیکۆی کوردستانی لە هەولێر بردەوە.

لە درێژەی یارییەکانی کۆبونەوەی چوارەم و کۆتایی لە خولی بالەی یانە پلە نایابەکانی عێراق کە رکابەرییەکانی لە نێو هۆڵی گەل لە شاری بەغدا بەڕێوە دەچێت، لە دووەم رۆژی رکابەرییەکان یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و هەولێر رووبەڕووی یەکتر بونەوە.

هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێکی بەرزیان پیشاندا و بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن ململانێیەکی بە هێزیان دەکرد، دواجار یانەی پێشمەرگە توانی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەربە یەک گێم یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، خاڵی گێمەکانیش بریتی بوون لە (25 – 19) (25 – 22) (16 – 25) هەروەها (26 – 24) بوون.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دکتۆر سەڵاح کانەبی راهێنەری یانەی پێشمەرگە تایبەت بە تۆری 964 وتی: هەر لە سەرەتاوە چاوەێێ بووین کە یانەی هەولێر یارییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەنجام بدات، بەڵام سوپاس بۆ خودای گەورە ئێمە توانیمان یارییەکە لە سوودی خۆمان یەکلایی بکەینەوە.

وتیشی: هەوڵ ئەدەین ئەم بردنەوەیە بکەینە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ یارییەکەی داهاتوومان بەرامبەر بە غازی جنوب.

دوا بەدوای ئەم یارییەش هەردوو یانەکانی غازی جنوب و شورتە بەیەک گەیشتن، یانەی غاز بە ئەنجامی سێ گێمی بێ وەڵام یارییەکەی بردەوە، دوای تەواوبوونی یارییەکانی دووەم رۆژی خولەکە هەریەک لە یانەکانی غازی جنوب و پێشمەرگە بە هاوبەشی پلەی یەکەمی ریزبەندیان گرتووە و یانەی شورتە لە پلەی سێیەم دێت و هەولێرش لە ریزبەندی چوارەمدایە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی